کێ هه‌یه له خۆم باشتر بتوانێ به‌سه‌رهاتی ژیانی من بنووسێته‌وه.
خوێنه‌ری هێژا، ئێستا كه خه‌ریكی نووسینه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی هونه‌ریی خۆمم، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و كاته‌ی كه له ژێر زوڵم و زۆری حكوومه‌تی داگیركه‌ری شای ده‌ركراو و، كۆماری ئیسلامی‌دا بووم و، له به‌ر ماڵانگه‌ڕی و خه‌فه‌خان و گرتن و كوشتن، ده‌مگوت: ئاخ چیبكه‌م و بوار نه‌بوو به دڵی خۆم بنووسم، به‌خۆشییه‌وه ئێستا ماوه‌ی ئه‌وه‌م هه‌یه كه ئه‌وی له دڵمدایه سه‌باره‌ت به‌م ئه‌ركه، بیهێنمه سه‌ر كاغه‌ز و بینووسمه‌وه و هیوادارم مردن ئه‌و بوواره‌م بداتێ، هه‌مووی بینووسمه‌وه!
ئه‌وه‌ی كه له باوكمم بیستووه و چه‌ندین جار بۆی گێڕاومه‌ته‌وه، ده‌یگوت:
ته‌مه‌نم 6 ساڵان بوو، دایكم به سه‌ر منداڵه‌وه کۆچی دوایی کرد، ته‌مه‌نم بوو به 10 ساڵ، باوكیشم له ده‌ست دا و به هه‌تیوی گه‌وره بووم: جا که وایه با بۆتی بگێڕمه‌وه: باپیرت، واته باوکی من، 14 ژنی هێناوه، له‌و چوارده ژنه منداڵی زۆری هه‌بووه، به‌ڵام له‌به‌ر نه‌خۆشیی سوورێژه و مێکوته و زه‌ردوویی و مله‌خڕه و هیدیکه، زۆربه‌یان مردوون! من منداڵ بووم، دایكم مرد، باوه‌ژنیشم دوای مردنی باوكم به جێیهێشتین و ماینه سه‌ر چوار برا و، سێ خوشك! ئه‌و 7 برا و خوشكه، به‌ره‌ی 4 دایك بووین. له‌و حه‌وت خوشک و برا، سێیانیان به سوورێژه مردن و ماینه سه‌ر سێ برا و خوشکێک. برای بچووک، درابوو به دایا‌ن به ژنێك له گوندی (كه‌ڵاتێ) لای هه‌شه‌مێز، خانوویشمان نه‌بوو و كرێنشین بووین، پاش ساڵێك برای گه‌وره‌ش به ده‌ردی سه‌ره‌تان، ماڵاوایی لێكردین و به جێیهێشتین و ما سه‌ر من و خوشكێك كه ساڵێك له خۆم گه‌وره‌تر بوو، له‌به‌ر بێکه‌سی و ده‌سکورتیی، ناچار بووم له‌و ته‌مه‌نه‌دا كه 11 ساڵان بووم، ببمه شاگرد خه‌یات و به پاره‌ی شاگردیی خۆمان بژیێنین، برای له من بچووكتریشمان، پاش ماوه‌یه‌ك دایا‌ن دایه‌وه به سه‌رمانا و بوو به بار به ملمانه‌وه، ئه‌و برایه‌م (ابراهیم)، كه له لای دایانه‌وه درایه‌وه به سه‌رماندا، كچه‌زای حاجێ واسێ نه‌سری بوو، كه له‌به‌ر رژدی و خه‌سیسی، به واسێ چڵكن به‌نێوبانگ بوو، پاش مردنی دایكی ئیبرایمی برام كه باوه‌ژنم بوو، به‌شه میراته‌كه‌ی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ڵاتێ مڵكی باوكی بوو، بۆ ئه‌و برامه به‌جێ ما، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و برا، خۆی بێده‌سه‌ڵات و هیچی پێنه‌ده‌كرا و منیش بێكه‌س و بێده‌ر بووم و مێرمنداڵ، له لایه‌ن ماڵی حاجی واسێوه خورا و خاڵۆكانیشی له برایان نه‌پرسی و هێشته‌كه‌یان هه‌ڵلووشی!
ته‌مه‌نم بوو به 15 ساڵ، خوشكه‌كه‌مان كه كۆڵه‌كه‌ی ماڵه‌كه‌مان بوو، شووی كرد به كوڕێكی ئیستواری ئه‌رته‌شی كوردی كرماشان، كه له سنه خزمه‌تی ده‌كرد، پاش چه‌ن مانگ، خوشكیش له‌گه‌ڵ مێردی چووه كرماشان، ئه‌وه ئه‌ونده‌ی دیكه پشتی شكاندم، چونكه برا بچووكه‌كه‌م توانای به‌ڕێوه‌بردنی خۆی نه‌بوو، به ناچار ئه‌ویشم برده دووكان لای خۆم، خۆم به‌س نه‌بووم كه شاگرد بووم، ئه‌ویشم لێ بوو به گۆشتی گه‌رده‌مل، ئه‌و خوشكه‌م كه گوتم مێردی كرد به كوڕێك له كرماشان، پاش ساڵێك، بوو به خاوه‌ن كوڕێك له مێرده‌كه‌ی و، دوو ساڵی به سه‌ردا نه‌چوو ئه‌ویش مرد و، كابراش ژنی دیكه‌ی هێنا، باوه‌ژنیش كه كرماشانی بوو، دوای ساڵێك كه هێشتا لاقی گه‌رم نه‌بووبووه‌وه، كوڕه‌ی خوشه‌كه‌زامی به به‌چكه عومه‌ری! له ماڵ هه‌ڵكه‌ند و راوی نا، كه ناچار بووم بچمه گردی ئه‌ویش و ئاگام له‌ویش بێ، له راستیدا هه‌م بووبووم به نانپه‌یداكه‌ر و هه‌میش به‌خێوكه‌ر و دایا‌ن، خوشه‌كه‌زاش وه‌ك شمڵی شه‌ڕ له هیچ شوێنێك دانه‌ده‌كاسرا و ئۆقره‌ی نه‌ده‌گرت، به گژی دار و به‌رددا ده‌چوو، به‌و بێكه‌سی و ته‌نیاباڵییه‌ی خۆمه‌وه، به ره‌نج و تێكۆشان گه‌وره‌م كردن، كوڕه‌ی برام زۆر فه‌قیر و بێده‌نگ بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی خوشكه‌زام هه‌ڵات و سه‌ری له تاران ده‌رهێنا و كه‌وته دا‌و ژنێكی فارس، له‌وێش ئه‌وه‌نده‌ی نه‌كێشا كه‌وته ناو دنیای (هێرۆئین) و ئاگری له سه‌ر و ماڵی خۆی به‌ردا و سه‌ری تێدا چوو، به‌ڵێ پاش ئه‌م هه‌موو سه‌رئێشانه و، زۆر بوویه‌ر و رووداوی دیكه، له گه‌ڵ دایكت زه‌ماوه‌نم كرد كه ئه‌ویش بۆ خۆی شانۆیه‌كه پڕ له كاره‌سات. (مامۆ)یشت ئه‌وه‌تا هه‌ر به كۆڵمه‌وه‌یه و، ناتوانێ خۆی به‌خێو بكا، گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م باسانه له زمانی باوكمه‌وه ته‌نیا له به‌ر ئه‌وه بوو كه بێژگه له‌وه‌ی به هه‌تیوی ژیاوه، ئه‌ویش وه‌كوو من كوڕه هه‌ژار بووه!
بیۆگرافیی ناسری ره‌زازی له زمان خۆیه‌وه: من مانگی پووشپه‌ری ساڵی (1334)ی هه‌تاوی، ساڵی (1955)ی زایینی، له شاری (سنه)ی كوردستانی بنده‌ستی ئێران، له دایك بووم، جگه له خۆم چوار برا و چوار خوشکی دیکه‌م هه‌به، سه‌رده‌می منداڵییم، پڕ بوو له کێشه‌ی زۆر، به هۆی پێکهاته‌ی گه‌ڕه‌که‌که‌مانه‌وه، (پیشه)ی باوکم به‌رگدروو بوو، دوای خوێندن له قوتابخانه‌ش ده‌گه‌ڕامه‌وه بۆ دووکان بۆ لای باوکم بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی بده‌م. دووكانی باوكم له ناو مه‌یان میوه‌فرۆشیدا بوو، رۆژان له‌به‌ر خه‌ڵك و په‌رژینی هه‌بێ، حه‌یوان و بار و چه‌رخ و داشقه‌ی حه‌مباڵ و هیدیکه، ئه‌وه‌نده قه‌ره‌باڵخ و جه‌نجاڵ بوو، رێ نه‌بوو هه‌نگاو هه‌ڵگری، له‌و سه‌رده‌مه‌دا رادیۆ ته‌نیا له گه‌وره‌ماڵان و چایخانه‌کاندا هه‌بوو، من که حه‌زم له هونه‌ری گۆرانیی بوو، رۆژان رووم ده‌کرده قاوه‌خانه‌کان بۆ ئه‌وه‌ی به هۆی گرامافۆن و رادیۆی پیلیی ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه گوێ له گۆرانیی گۆرانیبێژه کورده‌کان بگرم.
له ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵاندا له خوێندنگه‌ی (هه‌دایه‌ت)، له شاری سنه له به‌ر خوێندنیان دانام، خوێندنیش دیاره فارسی بوو، له پۆلی دوودا بووم، له په‌نای خوێندنگه‌كه‌ماندا مه‌لایه‌كی پیری خوێن‌شیرین، دووكانێكی دانابوو كه قه‌ڵه‌م و كاغه‌ز و ده‌وات و شیرینیجاتی وه‌كوو (ئاودوونان و كه‌شكه‌تونه و كونجیگه‌زۆ و گۆچانقه‌ن و ره‌حه‌ت و كولیچه و هیدیکه)ی ده‌فرۆشت و ده‌رسی قورئانیشی ده‌گوته‌وه.
به‌ڵێ باوكم ده‌ستی گرتم و بردمی بۆ لای ئه‌و مه‌لایه و به‌ڵێنی له‌گه‌ڵ به‌ست، كه پاش ته‌واوبوونی خوێندن، قورئانم پێبڵێ، منیش هه‌رچه‌نده دڵکاو (راضی) نه‌بووم، ده‌ستم پێكرد، جا وه‌ره دوو قوڕبه‌سه‌ریی گه‌وره، بۆ منی ژێرده‌ستی داماو، ده‌بوو دوو زمانی بێگانه‌ی به زۆر به‌سه‌رماندا سه‌پێنراو بخوێنین و زمانه‌كه‌ی خۆشمانیان لێ كردبووین به قوڕقوشم و ژه‌قنه‌مووت، بۆیه ئێستاش کوردی وامان هه‌یه خۆی ناناسێ و نازانێ کێیه!. ئه‌گه‌ر خوێندن ته‌واو ده‌بوو و خوێندنگه داده‌خرا، منداڵان به‌رده‌بوونه كووچه و كۆڵان بۆ كایه و، منیش ده‌بوو بچمه خزمه‌ت مه‌لا، بۆ ده‌رسی قورئان، مه‌لا ئه‌وه خه‌ریكی گوتنه‌وه‌ی (ئه‌لف سه‌ر ئا، لام زه‌نه ئه‌ل) بوو، منیش بیر و هۆشم له لای منداڵان بوو، که جار و بار به شووڵه‌كه‌ی ده‌ستی، حه‌سیری سه‌ر عه‌رزه‌كه‌ی داده‌گرت و ئێمه‌ش به شه‌قه و شریخه‌ی شووڵه‌كه راده‌چڵه‌كاین، ته‌نیا چاكه‌یه‌ك كه هه‌یبوو، قه‌ت له كه‌سی نه‌ده‌دا، ته‌نیا حه‌سیری سه‌ر زه‌ویه‌كه نه‌بێ، حه‌سیریش وای لێهاتبوو، ئه‌گه‌ر گیان و هه‌ستی هه‌با، شكاتی ده‌برده به‌ر خودا و پێغه‌مبه‌ر، چونكه ئه‌وه‌نده‌ی پێدا كێشابوو، شڕی كردبوو.
چار‌م نه‌بوو، حوكمی حاكم بوو و مه‌رگی موفاجات، منداڵیش بووم، له فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌ی وا رانه‌هاتبووم كه خۆم بدزمه‌وه و نه‌چم، ساڵی دوایی ده‌ستم كرد به گغنیدان و درۆ و ده‌له‌سه، تا پێمده‌كرا نه‌ده‌چووم، هه‌ندێ جار مه‌لا بۆ ئه‌وه‌ی پووڵه‌كه‌ی نه‌فه‌وتێ له په‌نا دیواری دووكانه‌كه‌ی كه پاڵی وه ده‌روازه‌ی خوێندنگه‌كه‌وه دابوو، خۆی حه‌شار ده‌دا و ده‌یگرتم و ده‌یگوت: بێره‌و قورئانه‌كه‌و بخوێنه زوڕیه‌ت، ئه‌نا ئه‌یژم به باوكۆ داتپڵۆسێ، هاااا! منیش ئیتر چاره‌م نه‌مابوو، چونكه دیواری مه‌دره‌سه‌ی هه‌دایه‌تیش وا نه‌بوو كه به سه‌ریدا باز ده‌م و خۆم ده‌رباز بكه‌م، ناچار ده‌چووم به‌ڵام چوونی چی؟ چی پێده‌گوتم له‌م گوێچكه‌مه‌وه ده‌چوو، له‌وی دیكه‌مه‌وه ده‌هاته‌وه ده‌رێ، پاش ماوه‌یه‌ك (مه‌لا)، كه له سنه‌ی ئێمه‌دا پێیان ده‌ڵێین (مامۆسا، یان مه‌ڵا) و بڕێ جاریش هه‌ر دوو وشه‌كه پێكه‌وه به‌كار دێنن، وه‌كوو مامۆسا مه‌ڵا ئه‌حمه‌و. شكاتی خسته به‌ر باوكم كه گوێنادا و، خۆی ده‌دزێته‌وه و هیدیكه، باوكیشم دوای لێدانێكی قورس و قۆڵ، ئه‌مجاره‌یان بردمی بۆ لای (مامۆسا مه‌ڵا ئه‌حمه‌د)ی خه‌ڵكی تاڵش، بۆ درێژه‌پێدان و خوێندنی قورئان، ئه‌و مه‌لایه ئه‌گه‌ر به هه‌ڵه نه‌چووبێتم، ئیمامی مزگه‌وتی كه‌ریم ره‌ئووف بوو، له پشت دووكان (حاجی ماشه‌ڵای ره‌نگڕێس)ه‌وه، چه‌ن برا بوون، هه‌ر هه‌موویان مه‌لا بوون، نازانم چۆن و له به‌ر چی، ئه‌و مه‌لاگه‌له ته‌رای وڵاتی ئێمه بووبوون؟. من پێم وایه له به‌ر ئه‌وه بوو، كه تاڵشییه‌كان سوننین و له وڵاتی ئێمه واته کوردستان، ته‌گه‌ره‌یان نه‌ده‌هاته سه‌ر رێ و ده‌حه‌سانه‌وه، به‌ڵێ له‌وێش له به‌ر هه‌یكه‌لی ناقۆڵا و ناحه‌زی مامۆستا و چێوفه‌ڵه‌ك و لێدان له قوتابییه‌ك، ئه‌و هه‌ڵاتنه هه‌ڵاتم نه‌گه‌ڕامه‌وه، تا ئه‌م جاره‌یان له گه‌ڕه‌كی خۆمان له (كانی كه‌مێزی) له لای مه‌لا عه‌بدوڵڵای ئیمامی مزگه‌وتی (حه‌مه حسه‌ین به‌فری) دایاننام، مه‌لای نێوبراویش له خانه‌قای شێخ سه‌لام، یان ته‌كیه‌ی حاجی سه‌ی وه‌فا، له‌وێ وانه‌ی پێده‌گوتینه‌وه، له‌وێ ئیتر چونكه گه‌ڕه‌كی خۆمان بوو و هاوسه‌ر و هاوماڵی خۆمی تێدا بوو، داكاسرام و حه‌وت جزمی قورئانم له ماوه‌یه‌كی كورتدا ته‌واو كرد و مامۆسا له خۆشی ئه‌م زیره‌كییه‌ی من و گه‌یشتن به سووره‌ی: ته‌وابه‌ن، مامره كوڵه سه‌وابه‌ن، بۆ مامۆسا كه‌بابه‌ن، میوانییه‌كی به باوكم سازدا و منیان هاندا كه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌نگم خۆشه له مزگه‌وتیشا بانگبده‌م، باوكیشم كه‌یفی پێده‌كرد.
له پۆلی شه‌شی سه‌ره‌تاییدا بووم، دیاره له په‌نای قورئانخوێندندا، باوكم به زۆره‌ملیی، هه‌میشه له گه‌ل خۆی ده‌یبردم بۆ نوێژ و، ره‌مه‌زانانیش نه‌یده‌هێشت رۆژووم بفه‌وتێ، بۆ ماوه‌یه‌ك بووم به بانگبێژی مزگه‌وتی گه‌ڕه‌كی خۆمان، خاده‌می ئه‌و مزگه‌وته نێوی (شامحه‌مه‌و) بوو، هه‌رچی بانگی ده‌دا، له به‌ر پێكه‌نین كه‌س خۆی پێرانه‌ده‌گیرا، ده‌نگی ناخۆش بوو، بانگگوتنه‌كه‌ی به جۆرێ بوو، ده‌تگوت بێگاری پێده‌كه‌ن، خوای لێ‌خۆش بێ، پیاوێکی به‌ڕێز و خواناس بوو. له پۆلی شه‌ش ده‌رنه‌چووم و داكه‌وتم و مامه‌وه بۆ ساڵێكی دیكه، له به‌ر باوكم نه‌مده‌زانی چیبكه‌م، له ترسان كونه‌مشكم لێ بووبوو به کۆشک و سه‌را، چوومه‌وه به دایكمم گوت: رفووزه‌م. دایكی داماویشم، له تاو مێردی زاڵم، له خه‌فه‌تا واقی دابوو، چونكه ده‌یزانی باوكم وام لێده‌كا، كه به لۆكه ئاو بتكێننه ده‌مم.
باوكم زانی له پوولی شه‌ش ده‌رنه‌چوومه، هاته جه‌سته‌م و غه‌شی بێکاریی و مناڵزۆریی و کۆڵه‌واریی خۆی پێرژاندم، لێشمنه‌ده‌گرت، چونکه له گه‌ڕه‌کێکی ناله‌بار و ره‌پۆشه‌خه‌راپدا په‌روه‌ده بووم، گه‌ڕه‌کێک، بێژگه له کرێکار و زه‌حمه‌تکێش و کاسبکار، پیشه‌یێکی باڵای تێدا نه‌بوو، ئه‌و گه‌ڕه‌که‌ی ئێمه له دێهاتێکی دووره‌ده‌ست ده‌چوو، به‌و مێگه‌ل و وڵاخدار و پێکهاته‌سه‌یره‌ی خۆیه‌وه که هه‌یبوو. منیش ئیتر وام لێهاتبوو كه ده‌ربه‌ستی كوشتن و لێدان نه‌ده‌هاتم، وه‌ك كورده‌كه ده‌ڵێ: بووبووم به چه‌رمی ئاوه‌سوو! به جێگای ئه‌وه‌ی كه چاك بم، ئه‌وه‌نده‌ی دیكه لاسار و سه‌ره‌ڕۆم لێده‌رهات، چونكه ده‌مگوت له لێدان به‌و لاوه، چیدیكه هه‌یه؟. ئه‌وه‌نده رقم له خوێندن هه‌ڵگرتبوو، كه هه‌ر رۆژێ ده‌چوومه‌وه بۆ خوێندنگه، حه‌زم ده‌كرد بڵێن: مامۆستاكه‌تان نه‌خۆشه، یان كه‌وتووه و برینداره و ملی شكاوه و هیدیکه، بۆ ئه‌وه‌ی له دانیشتن و گوێگرتنی ناو پۆل رزگار ببم!
سه‌رتان نه‌یێشێنم، پاش وه‌رگرتنی دیپلۆم له رشته‌ی وێژه (ئه‌ده‌ب)دا، بووم به مامۆستای خوێندنگه‌ی سه‌ره‌تایی له دێهاتێ له نێوان سنه و مه‌ریوان به نێوی (بزان)، که به‌داخه‌وه هه‌ر بزانیشم به‌چاو نه‌دیت، له‌به‌ر به‌سه‌رداهاتنی راپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران و شۆڕشی كوردستان، چونکه ئیتر نه‌متوانی مامۆستایه‌تییه‌كه درێژه پێبده‌م و كه‌وتمه زیندان، پاش به‌ربوون له زیندان له‌گه‌ڵ کۆچکردوو مه‌رزیه و دوو منداڵه‌کانمان، دڵنیا و ماردین، چووینه شاخ و بووین به پێشمه‌رگه.
وه‌كوو گۆرانیبێژێكی كورد، تا ئێستا نزیك به (40 كاسێت)ی گۆرانیی فۆلكلۆر و ئه‌ویندارانه‌م له وڵات تۆمار کردووه و بڵاو کراونه‌ته‌وه، له شۆڕشی كوردستانیشدا چه‌ندساڵ وه‌كوو پێشمه‌رگه‌یه‌ك خه‌باتم كردووه و، كۆمه‌ڵێك گۆرانیی نیشتمانی و شۆڕشگێڕانه و سروودی سیاسییم له 4 كاسێتدا بڵاو كردۆته‌وه، گۆرانیی و سرووده‌كانی من، وێردی سه‌ر زمانی خه‌ڵك و پێشمه‌رگه و رادیۆكوردییه‌كانی شۆڕشی كوردستانه و هانده‌ریانه بۆ خه‌بات دژی زوڵم و زۆر و بانگه‌وازه بۆ ئازادی و رزگاری کوردستان. دوای وازهێنان له پێشمه‌رگایه‌تی، له‌گه‌ڵ مه‌رزیه و منداڵه‌كانمان، دڵنیا و ماردین، هاتینه وڵاتی سوێد و وه‌كوو په‌نابه‌ر ماینه‌وه، لێره‌ش بووین به خاوه‌نی کوڕێکی دیکه به نێوی کاردۆ.
لێره، له‌م چه‌ند ساڵه‌ی ژیانی هونه‌ریماندا له هه‌نده‌ران، وێڕای به‌شداریی له زۆر ئاهه‌نگ و جێژنی نه‌ته‌وایه‌تی و سیاسیی كوردیی، له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، به چه‌رمه‌سه‌ری توانیومه (7 سیدی)ی دیكه‌ی گۆرانیی تۆمار بكه‌م و بڵاوی بكه‌مه‌وه، هه‌رچه‌ند کاری سه‌ره‌کیم، گۆرانیگوتنه، به‌ڵام وه‌کوو نووسه‌رێكی كوردیش، چوار كتێبیم به نووسین و وه‌رگێڕان بڵاو كردۆته‌وه، له‌و ماوه‌یه‌شدا کتێبێکم له‌لایه‌ن چاپخانه‌ی موکوریانه‌وه دێته بازاڕ، که به‌رهه‌می چه‌ندینساڵ پرسوجۆ و یاداشتی سه‌رده‌می پێشمه‌رگایه‌تیمه که نێوی کوردیم تێدا کۆکردۆته‌وه. هه‌روه‌ها چه‌ندین وتاریشم له‌سه‌ر مووزیكای كوردیی و گۆرانیبێژه‌به‌نێوبانگه‌كان و گیروگرفتی هونه‌رمه‌ند له ده‌ره‌وه‌ی وڵات و کێشه‌ی زمانی کوردیی و پرسگرێکی کوردستان، له گۆڤار و رۆژنامه‌كاندا بڵاو كردۆته‌وه.
ساڵی 2004 له‌گه‌ڵ مه‌رزیه بڕیارماندا که له سوید نه‌مێنین و بڕۆینه‌وه بۆ ئه‌و پارچرزگارکراوه‌ی نیشتمانه‌که‌مان. ئه‌وه بوو ڕۆشتینه‌وه بۆ کوردستانی باشوور و له‌وێ له شاری دووکان ماینه‌وه، بۆئه‌وه‌یکه ئه‌و چه‌ندساڵه‌ی کۆتایی ته‌مه‌نمان له‌وێ به‌رینه سه‌ر، به‌داخه‌وه ساڵی 18/09/2005 مه‌رزیه، به هۆی نه‌شته‌رگه‌رییه‌کی ناسه‌رکه‌وتوو کۆچی دوایی کرد و منیش تووشی سه‌رلێشیوایی بووم. دوای ئه‌وه‌ی که زانیم ناتوانم به‌ته‌نیا بژیم، دیسان هاوسه‌رگیریم کرد و له‌گه‌ڵ (ئێران)ی هاوسه‌رم گه‌ڕاینه‌وه بۆ سوید و ئێستا له ستۆکهۆڵم ده‌ژین.
له‌م ماوه‌ی ئه‌م چه‌ندین ساڵه‌ی كه له سوێد ژیاوم، (چه‌ندین گه‌شتی هونه‌ریی)م بۆ وڵاتانی: ئوتریش، ئیتالیا، ئاڵمان، فه‌رانسه، ئینگلیس، هوله‌ند، بلژیك، دانمارك، فینلاند، نورڤێژ، سویس، ئا‌مریكا، كانادا، ئوسترالیا، سۆڤیه‌تی جاران، ئازه‌ربایجانی بنده‌ستی سۆڤیه‌تی كۆن، یۆنان، بولغارستان، قبرس، رۆمانیا، ئێراق، توركیه، كوردستانی بنده‌ستی توركیه، كوردستانی ئازادكرا‌و و هی دیكه كردووه، كه بۆ هه‌ر وڵاتێكیان، چه‌ندین جار سه‌فه‌رم كردووه و ئاهه‌نگم گێڕاوه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه پێشمه‌رگه بووم و ناوچه‌كوردنشینه‌كانی كوردستان گه‌ڕاوم و دیالێكته‌كوردییه‌كان فێربوومه و شاره‌زای زمانی كوردییم، به چوار زاراوه‌ی كوردیی گۆرانیی ده‌ڵێم: هه‌ورامی، كه‌لهوڕی، كرمانجیی، سۆرانیی، که مه‌به‌ستیشم له‌مکاره، ته‌نیا ئه‌وه بووه که خزمه‌تێک به کورد و نزیککردنه‌وه‌ی زاراوه‌کان بکه‌م. هه‌روه‌ها له چه‌ندین (فستیڤاڵ و گاڵا)دا له ئورووپا به‌شداریم كردووه، بۆ نموونه: كۆنگره‌یه‌ك بۆ كورد له سویس له شاری ژنێڤ، ساڵی 1990. فستیڤاڵی وۆمه‌د Womad FESTIVAL له هامبوورگ، به‌نێوی Weltbeat ساڵی 1991. گاڵایه‌ك بۆ ره‌وه‌كه‌ی كورستان له ستۆكهۆڵم ساڵی 1991. فستیڤاڵی World Root Festival له هوله‌ند ساڵی 1992. فستیڤاڵی Sacred voices ده‌نگه پیرۆزه‌كان له ئینگلیس، له شاری له‌نده‌ن ساڵی 2000. كۆففرانسێك له سه‌ر مێژووی موۆسیقای كوردی له له‌نده‌ن ساڵی 2000. هه‌روه‌ها چه‌ندین فستیواڵی دیكه‌ی گه‌وره له سپانیا و ئینگلیس و فه‌ڕانسه و سوێد و ئا‌مریكا. درێژه‌ی هه‌یه ....
فروش شارژ ایرانسل.همراه اول.رایتل.تالیا