loading...
موزیک کردی سنندج
فروش شارژ ایرانسل.همراه اول.رایتل.تالیا

musickordi بازدید : 861 یکشنبه 02 تیر 1392 نظرات (0)

حەسەن زیرەک گۆرانیبێژی ناوداری کورد، ھونەرمەند و مۆسیقازانی سرووشتی (لەدایک‌بووی ١٩٢١ – کۆچی دوایی ١٩٧٢) لە شاری بۆکان ھاتۆتە دنیاوە. ئەو یەکێکە لە بەناوبانگترین ھونەرمەندانی کورد. بەرچاوترین کاری ئەو کۆکردنەوەی گەنجینیەیەک لە ھونەری ئاواز و گۆرانی کوردییە کە بە دەنگی ئەو وتراوەتەوە. ئەو بە ھۆی گۆرانییەکانی لە ناو کوردەکانی ئێران و عێراق ناسراوە. ئەو لە ساڵی ١٩٧٢ لە شاری بۆکان لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوای ئێران کۆچی دوایی کردووە و بە خاک سپێردراوە.

 

 

بۆ خوێندنەوەی ژیاننامەی مامۆستا بچوونە درێژەی بابەت

 

سەرەتای ژیان:

حەسەن زیرەکی لە مەڵبەندی موکریان لە دایک بووە. لەرۆژی ٢٩ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٢١ی زایینی (ساڵی ١٣٠٠ی ھەتاوی). شوێنی لە دایکبوونی زۆر ڕوون نییە، ھەندێک لەو کەسانەی کە ئاگایان لە ڕابردووی ئەو بووە دەڵێن لە بۆکان لە دایک بووە و زۆر کەسیش لەوانەی کە لە نزیکەوە دەیناناسن، گوندی “ھەرمێلە” کە لە نێوان شاری سەقز و بۆکان ھەڵکەوتووە بە شوێنی لە دایکبوونی دەزانن.باوکی ناوی عەبدوڵایە و دایکی ئامینی ناو بووە. باوکی لە لای خانانی ئاغای گوندی ھەرمێلە کاری کردووە، لە بەر لێھاتووی بە زیرەک ناوی دەرکردووە. ناوبراو جگە لە حەسەن دوو کوڕی دیکەی بە ناوەکانی حوسێن و مینە ھەبووە. لە تەمەنی ژێر دە ساڵیدا لەگەڵ چەن‌د کەس لە دەنگ‌خۆشانی بۆکان لە شاییەکانی ناو شار و گوندەکانی بۆکان گۆرانی وتووەتوە. لە حەوت و ھەشت ساڵیدا بەردەستی مسگەری و قاوەچییەتی دەکاو ھەروەھا خزمەتی ماڵە دەوڵەمەندەکانی بۆکان کردووە. زیرەک منداڵ دەبێ کە باوکی دەمرێ (تەمەنی ١١ ساڵان دەبێ کە باوکی کۆچی دوایی دەکات). بە دوای مردنی باوکیدا بنەماڵەکەیان لە دێ بار دەکا و دەچنە شاری سەقز. پاشان دایکی زیرەک شوو دەکاتەوە و ئەمە دەبێتە ھۆی دژواری زیاتر لە ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ زیرەک و خوشک و براکانی. لە تەمەنی ١٢ ساڵی دا دەگەڕێتەوە ھەرمێلە و لە لای خانان ئاغای ئەو دێیە بە کارکەر دادەمەزرێتەوە و بۆ درێژەی ژیانی دەست دەکا بە قاوەچییەتی و چاوساخی و بەردەستی ئاغاوات.

 

ساڵانی ھەرمێلە و سەقز:

ھەر لەو تەمەنەدا دەنگە خۆشەکەی سەرنجی خەڵکی ئەو دێیە بۆ لای خۆی رادەکێشێ و ھەموو ھەوڵی ئەویان دەبێ زیرەک لە دەنگە خۆشەکەی بێ بەشیان نەکا. کە خانان دەبینێ زیرەک دەنگی ئاوا خۆشە، ئەمجار زیاتر بایەخ بە ئەو دەدا و ڕێگا دەدا زیرەک بێتە دیوەخان و بە گۆرانییەکانی کۆڕی میوانانی خان بڕازێنێتەوە. لەو لاشەوە زیرەک مێرمنداڵ و دەنگ خۆش بۆ شەو داوەت و ڕەشبەڵەکی کوڕان و کچانی دێ، خۆ دەکوتێ و بەزمی شەوانەیان خۆش دەکا.دوای ساڵێک ھەرمێلە و لای ئاغەوات بە جێ دێڵێ و ڕوو دەکاتە شار، بە شاگرد کەبابچی و وردە کاری دیکە ژیان دەباتە سەرێ. ساڵی ١٣٢٠ دێتەوە ھەرمێلە و وەک تفەنگچی لە ماڵی ئاغەوات دادەمەرزێ، پاشان بەینی لە گەڵ ئاغا و تێکدەچێ و واز لە تفەنگچیەتی و ئازار و ئەزیەتی خەڵک لە پێناو ئاغادا دێنێ، دەچێتە سەقز و دەبێتە شاگرد شۆفێری “مینە خانی ئەردەڵان” و لە نێوان سەقز و بانەدا دەست بە کار دەکا.

 

ئاوارەیی و بەغدا:

ڕۆژێک لە ڕۆژان کوڕە جەحێڵەیەکی گوندی قوڕەدەرێ بە ناوی مەحموود نارنج، دەکەوێتە بەر ماشێنەکەی و دەکوژرێ. لەترسان سەری خۆی ھەڵدەگرێ و ئاوارە دەبێت تا لە کوردستانی عێراق دەگرسێتەوە. دواتر زیرەک دەگاتە شاری بەغدا و لەوێ بە ھۆی چەند کەسێک لە میوانخانەی “شومال ئەلکەبیر” دادەمەزرێ. لەوێش دەست دەکات بە گورانی وتن و لە ماوەیەکی کەم دا بەم ھۆیا ناو دادەخات. چەند کەس لە ناودارانی مۆسیقای کوردی وەک عەلی مەردان لە ساڵی ١٩٥٣ی زایینی زیرەک لەوێ دەبینن و ئە دەبەنە بەشی کوردی “رادیۆ بەغدا” بۆ یەکەم جار دەنگی لە رادیۆی کوردی بەغداد دەبیسترێ و بەم جۆرە مەیدانێکی باش بۆ خۆ نواندنی گۆرانیبێژی زیرەک پەیدا دەبێ.حەسەن زیرەک لە ماوەی مانەوەی لە بەغدا دەیان گۆرانی تۆمار دەکا، ئەم گۆرانییانە ناو و ئاوازەی زیرەک بە کوردستاندا بڵاو دەکەنەوە. زیرەکی گۆرانیبێژ لە ماوەی نزیک بە دەساڵ مانەوە لە عێراقدا دەبێتە دۆست و ئاشنای زۆر ھونەرمەند و گۆرانیبێژی بەناوبانگی کورد، لە ئەزموون و ڕێنوێنییەکانیان کەڵک وەردەگرێ و سرنجیان بۆ لای مایە بەھرە ھونەرییە کەم وێنەکەی خۆی ڕادەکێشێ.

 

گەڕانەوە بۆ ئێران:

لە ١٤ی گەلاوێژی ١٩٥٨ گەڕاوەتەوە بۆ ئێران، لەوێ چووە بۆ ڕادیۆی تاران، کرماشان و تەورێز و لەوێوە گۆرانی خوێندوە. ھەر لەو ساڵەدا لە ڕادیۆی تاران لەگەڵ میدیا زەندی دەبێتە ئاشنا دەبێت و پێکەوە ژیانی ھاوبەش پێک دێنن کە ئاکامی ئەو ژیانە دوو منداڵ بە ناوەکانی “مەهتاب” و “ئارەزوو” دەبێ. ساڵی ١٣٤٧ی ھەتاوی حەسەن زیرەک ماڵەکەی دەباتە شاری بانە و لەوێ لە “کانی مەلا ئەحمەد” چایخانەیەک دادەمەزرێنێ، دیارە شان بە شانی ئەو کارەش لە گۆرانی کوتن و کاری ھونەری ناوەستێ و لە بەزم و شادی خەڵکدا بەشداری دەکا و بە بۆنەی جۆراوجۆرەوە گۆرانی تۆمار دەکا. پاشان دەچێتە شاری مەھاباد و لە دواکاتەکانی ژیانیشیدا دەچێتە شاری شنۆ. لە شاری شنۆ بە کار و کاسبی ژیان تێپەڕ دەکا. لە ساڵانی ١٩٦٠ – ١٩٦١ لە شاری سلێمانی لە تیپی “شانۆی ھونەرەجوانەکان” لەگەڵ “سێوەخان” و “رەشۆڵ عەبدوڵڵا” لە شانۆکای «بووکی ژێر دەواری ڕەش» و «خەسوو یان ئەژدیھا» و «تەڕپیر» بەشداری کردووە. لە نێوان ساڵانی ١٩٦٧ – ١٩٦٨ لە شاری سەقز ھۆتێلی سێ ئەستێرەی ھەبووە کە بۆخۆی لەوێ گۆرانی گوتووە.

 

گۆرانییەکان:

یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک، پشت بەستنی ئەو بە گۆرانی فۆلکلۆرییە. ئەو چاوی بە زۆر ناوچە و مەڵبەندی کوردستان کەوتووە، لێیان ماوەتەوە، لە خەڵکەکەی میوان بووە و ھەڵسان و دانیشتنی لەگەڵیان بووە و لەگەڵ شێوەی ژیانیان و جلوبەرگ و ھەڵس و کەتیان ئاشنا بووە. ئەو گۆرانییانەی لە خەڵکەوە بیستوویە، فیر بووە. هەرچەند زیرەک زۆر گۆرانیسی هەیە کە ھەم ھەڵبەستەکەی و ھەم ئاھەنگەکەی ھی خۆیەتی. زیرەک لە شێعری کوردیش کەڵک وەرگرتووە. لە ئەو شاعرانە: نالی، وەفایی، سەید کامیل ئیمامی، کوردی، ھەردی، پیرەمێرد و هێمن. زیرەک بۆ وێنە شیعری “شەو”ی سەید کامیل ئیمامی کردووە بە گۆرانی.حەسەن زیرەک گۆرانی فارسی و ئازەریی ھەیە، لەو جۆرە گۆرانییانەدا زیرەک ھەڵبەستی کوردی تێکەڵاو کردوون. “گویلدر” یەکێکە لەو گۆرانییانە کە بە زمانی ئازەری گوتوویەتی .

 

هاوڵەنای گۆرانیبێژ:

حەسەن زیرەک لەگەڵ زۆر گۆرانیبێژی کورد گۆرانی گوتووە، بۆ نموونە “محەممەد ماملێ” ، “مەلا حسێنی عەبدوڵڵازادە”، “عوسمان بۆکانی” و “ئەحمەد شەماڵ”. گۆرانی “ماڵی بابم بێ وەفا” یەکێک لەو گۆرانییانەیە کە حەسەن زیرەک، محەممەدی ماملێ و مەلا حسێنی عەبدولازادە، ساڵی ١٣٣٨ی ھەتاوی پێکەوە بە یارمەتی تیپی موسیقای کرماشان تۆماریان کردووە. “بەرھەڵبێنە” و “ھەوارە، گوڵم ھەوارە” دوو گۆرانی دیکەن کە زیرەک و محەممەدی ماملێ پێکەویان کوتوون.

 

ژیانی ھونەری:

لە ماوەی ژیانی ھونەری، زیرەک دەربەدەری زۆری چێشت. ماوەیەک لە شارەکانی ئێران و ماوەیەک لە عێراق. لە ڕۆژانی دەسپێکی ژیانی لە باشووری کوردستان لە شاری سلێمانی کاری دەکرد. ڕۆژێک بەدەم کارەوە لە ژێر لێودا گۆرانی دەخوێنێت، ئەو گۆرانیە و دەنگی زیرەک ھەستی ڕێبوارێک دەبزوێنێ و ئەو ڕێبوارە دەبێتە ھۆی گۆڕانکاری لە ژیانی زیرەک‌دا و ڕێگەی بۆ دەکاتەوە بڕواتە ڕادیۆی بەغداد. بۆ ماوەیەک لە ڕادیۆ بەغداد کار دەکات و کاتێ لە ساڵی ١٩٥٦ بەشی کوردی ڕادیۆ تاران دەست بەکار دەکات حەسەن زیرەک بۆ تاران بار دەکات و لەوێ درێژە بە کار دەدات. زۆربەی بەرھەماکانی حەسەن زیرەک لە ڕادیۆ تاران لەگەڵ گەورەکانی مووسیقای ئێرانی وەک: حسەین یاحەقی، حەسەن کەسایی، جەلیل شەھناز، جەھانگیر مەلەک و ئەحمەد عیبادی بووە.حەسەن زیرەک ئەگەرچی لەبەر بارودۆخی ئەستەمی ژیان لە خوێندن بێ‌بەش ماوبوو، بەڵام توانای بێ‌وێنەی لە ھۆنینی شێعری کوردی و دانانی مۆسیقای کوردی ھەبوو. ئەو توانایە لەگەڵ دەنگی بێ‌وێنەی بووە ھۆی ئەوەی کە گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک لە سەرانسەری کوردستان ببێتە خۆشەویستی جەماوەری خەڵک. ئێستاکەش لە شار و گوندەکانی کوردستان و لە ماڵی کوردەکان گوێ لە گۆرانییەکانی دەگیرێت. حەسەن کاتێ لە تاران بوو، لەگەڵ وێژەری بەشی کوردی ڕادیۆ تاران، خاتوون “میدیا زەندی” یەکیان ناسی و دوای ماوەیەک ژیانی ھاوسەریان پێک‌ھێنا. بەرھەمی ئەو ژیانە دوو کچ بە ناوەکانی «ئارەزوو» و «مەھتاب» بوو، کە زیرەک چەن گۆرانییەکی بە کچەکانی‌دا وتووتەوە.حسەن زیرەک نە لە ئێران و نە لە عێراق ڕووی خۆشیی نەدی. ھەڵسووکەوتی حکوومەتی ئێران کێشەی زۆری بۆ درووست‌کرد. بۆ نموونە دوای ماوەیەک ئیتر ڕێگەیان نەدا بە ڕادیۆ تاران. ئەوە دڵی ناسکی زیرەکی ڕەنجاند و بڕیاری‌دا چی‌تر نەگەڕێتەوە تاران. باری کرد بۆ عێراق بەڵام لە بەغداد دەست‌بەسەر کرا و لە بەندیخانە ئەشکەنجە درا. خۆی دەگێڕێتەوە کە لە بن‌میچ ھەڵواسراوە و لێی‌دراوە. بۆیە دوای ڕزگاری ڕەوانەی ئێران دەبێتەوە بەڵام بۆ چارەڕەشی، لە ئێرانیش ساواک دەیگرێ و ئەشکەنجەی زۆری دەکەن، زیرەک لە شوێنێک چۆنییەتی ئەشکەنجەکان دەگێڕێتەوە و ئەو گێڕانەوە وەک یادگاری ماوەتەوە لێی. حەسەن زیرەک لە نێوان ساڵانی ١٩٦٢ تا ١٩٦٤ لە ڕادیۆ کرماشان کاری کردووە. لەو ماوەدا لەگەڵ گەورەکانی مۆسیقای ئەو سەردەمە وەک موجتەبا میرزادە، محەمەد عەبدولسەمدی، ئەکبەر ئیزەدی و بەھمەن پوولەکی کاری کردووە و ئەو ھاوکارییە بووە ھۆی خولقاندنی بەرھەمی وا کە وەک شاکارەکانی مۆسیقای ئەو سەردەمە یادگار ماون.

 

کۆچی دوایی:

ساڵی ١٣٥١ی ھەتاوی نەخۆشییەک کە لە مێژ بوو حەسەن زیرەکی ئازار دەدا، لێی تووند کرد، چەند جار لە نەخۆشخانەکانی ورمێ و بۆکان خەواندیان، بەڵام نەخۆشییەکەی کە شێرپەنجە بوو، دەست بەرداری نەبوو، لێرەشدا حەسەن زیرەک واز لە گۆرانی گوتن نەھێنا.

 

 

 

سەرئەنجام ڕۆژی ٥ی پووشپەڕی ساڵی ١٩٧١ی زایینی نەخۆشی ھێرشی بۆ دێنێ و شێرپەنجەی جەرگ لە عەردی دەدا و دوای ماوەیەکی زۆر لە جێگادا کەوتن لە ١٩٧٢ی زایینی دا لە نەخۆشخانەی شاری بۆکان ماڵئاوایی لە زێد و نێشتمانەکەی دەکا و چرای تەمەنی لە سووتان دەکەوێت و پەپوولەی گیانی قەفەسەی سینگی پڕ لە ماتەمی بەجێ ھێشت. لە سەر ویستی خۆی لە داوێنی کێوی ناڵەشکێنە، کە دەڕوانێتە بۆکان ئەسپاردەی دایکی نیشتمان دەکرێت.مەرگی حەسەن زیرەک وەک بۆمبێک لە نێو کوردستاندا تەقییەوەو شەپۆلەکانی خەم و ماتەمی لە دەستچوونی لە سنوورەکانی کوردستان تێپەڕی. لە سەر وەسیەتی خۆی لە داوێنی کێوی “ناڵەشکێنە”ی بۆکان بە خاک سپێردرا. گۆڕەکەی بوو بە زیارەتگای لایەنگران و ئەویندارانی.

 

 

ارسال نظر برای این مطلب

کد امنیتی رفرش
درباره ما
Profile Pic
پروردگارا ! مرا مدد کن تا دانش اندکم نه نردبانی باشد برای فزونی غرور و تکبر و نه حلقه ای برای اسارت و نه دستمایه ای برای تجارت ، بلکه گامی باشد برای انسانیت و متفاوت ساختن زندگی خود و دیگران *** لطفا درصورت درج سوال حتما ایمیل خود را وارد کنید . *** *** حدالامکان از درج سوالات و نظرات بصورت خصوصی خودداری کنید ***
اطلاعات کاربری
  • فراموشی رمز عبور؟
  • نویسندگان
    نظرسنجی
    خواننده چه شهر رو می پسندی
    آمار سایت
  • کل مطالب : 348
  • کل نظرات : 351
  • افراد آنلاین : 6
  • تعداد اعضا : 413
  • آی پی امروز : 154
  • آی پی دیروز : 89
  • بازدید امروز : 215
  • باردید دیروز : 167
  • گوگل امروز : 6
  • گوگل دیروز : 5
  • بازدید هفته : 2,330
  • بازدید ماه : 2,330
  • بازدید سال : 32,212
  • بازدید کلی : 2,192,021
  • کدهای اختصاصی